زیاتر لە100 ساڵە چاپكراوە
رۆژنامەیەكی مێژویی تایبەت بەفۆتۆ لەفرێمینگ پارێزراو دەبێت
"لۆمیغواغ بەهەموو نرخێكی داواكراو ئەو وێنانە دەكڕێتەوە كە دۆكۆمێنتی شەڕ دەكەن"
ساڵی 1912ـی زاینی رۆژنامەی (لۆ پۆتی ژوغنال)ـی فەڕەنسا پاشكۆیەكی هەفتانەی بەناوی (لۆ میغواغ) چاپ و بڵاوكردەوە كە تاكو ساڵی 1920 تایبەتیكرد بەفۆتۆگرافی.
چیرۆكەكە چۆن دەستیپێكرد؟
لەنێوان ساڵەكانی 1989 و 1910 هەردوو رۆژنامەنوس و نوسەری فەڕەنسایی (فێلیكس ژۆڤین و پیێغ لافیت) هەوڵی تەواویاندا بۆ بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەیەكی تایبەت بەفۆتۆگرافی و دۆكۆمێنتكردن.
فێلیكس ژووڤێن (١٨٦٢ ــ ١٩٤٧) بەسەركردەیەكی میدیایی ناسراوە و خاوەنی چەندەها بڵاوكراوەی گرنگی سەردەمی پێش و پاشی شەڕی جیهانی یەكەمە، لەساڵی 1912 دەسپێشخەرییەكی ناوازە پێشكەش بەجیهانی رۆژنامەوانی، دۆكۆمێنت، فۆتۆگرافیكرد و پاشكۆیەكی تایبەت بەفۆتۆگرافی بڵاودەكاتەوە كە ناوی دەنێت لۆ میغواغ بەواتای ئاوێنە.
سەرەتا وەك بڵاوكراوەیەك بۆ بڵاوكردنەوەی وێنەی روداوەكانی جیهانی سەردەم لەبواری هونەر، وەرزش و ئەدەببوو، پاشكۆكە 20 لاپەڕەبوو، چوار ژمارەشی بەرەنگاورەنگ چاپ و بڵاوكرایەوە.
لە31ـی 3ـی 1912 لۆمیغواغ بەشێوازێكی سەربەخۆ دەستیكرد بەروماڵكردنی شەڕی جیهانی یەكەم و تا كۆتایی شەڕەكە بەردەوامبوو، لە1913 بەسەردێڕێكی تایبەت دەستی بەچاپكرد كە ژمارەكەی تەنها لەو ساڵەدا گەیشتە 400 هەزار دانە.
لە8ـی 8ـی 1914 لۆ میغواغ تایبەتكرا بەفۆتۆگرافی و بەناوی میدیای (رێپۆرتاژی جەنگ) دەستی بەبڵاوكردنەوەكرد، هەر لەیەكەم مانگی دەستپێكی شەڕ (لۆ میغواغ) بەم سەردێڕە دەستیپێكرد:-
"لۆمیغواغ بەهەموو نرخێكی داواكراو ئەو وێنانە دەكڕێتەوە كە دۆكۆمێنتی شەڕ دەكەن"
ئەم دێڕە لەسەرجەم ژمارەكانیدا و تا كۆتایی شەڕ بەردەوام دەنوسراو بەبێ سانسۆر وێنەكانی بڵاودەكردەوە و حەقیقەتی ئەو شەڕە سامناكەی دۆكۆمێنتدەكرد، لە6ـی 12ـی 1914 وێنەی سەربازێكی ئەڵمانیا بەكوژراوی و هەڵواسراوی بەدارێكەوە بڵاوككردەوە، هەروەها وێنەی كۆمەڵێك خەڵكی سیڤیل كە بەكۆمەڵ دەسڕێژی گوللەیان لێدەكرا، رۆژنامەكە هەروەها وێنەی سەربازە ریپۆرتەرەكانیشی كڕیەوە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر وێنەی توندوتیژییەكانی جەنگ روماڵ بكات.
لە پاش تەواوبونی جەنگ و لەمانگی 8ـی 1920 لۆ میغواغ بووە هەفتەنامەیەكی فۆتۆگرافی وەرزشی و یەكەم ژمارەی تایبەتكرا بەوێنەی سوزان لێنگلن وەرزشكاری ژنی فەرەنسایی كە یەكەمین ژنی وەرزشكاری تێنیسە.
لە28ـی 3ـی 2016 شەیدا حیسامی چالاكوان و رۆژنامەنوس لەپەرتوكخانەیەكی كۆنی شاری شارلۆڤیل مێزیەغی فەڕەنسا 3 وێنەی ئەسڵی لەهەفتەنامەی لۆ میغواغ دەكڕێت و ژمارەیەكی كە لە22ـی 10ـی 1916ـدا بڵاوكراوەتەوە دەهێنێتە كوردستان و پێشكەشی سەفین حەمید فۆتۆگرافەری كورد و فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی دەكات.
بەناوی فێرگەی فرێمینگەوە سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ خاتوو شەیدا هەیە و هەوڵەكەی بەرزدەنرخێنین و بەڵێن دەدەین كە رۆژنامەكە بپارێزین، هیوادارین كە نمونەی بەڕێزیان زیاتر بێت.